وانەی: ١٤
بۆچی خودا ڕێکخراوێکی ھەیە؟
١. بۆچی خودا ئیسرائیلییە کۆنەکانی ڕێکخست؟
خودا نەوەکانی ئیبراھیمی کرد بە نەتەوەیەک و کۆمەڵێک یاسای پێدان. ئەو ئەو نەتەوەیەی ناولێنا ئیسرائیل و خوداپەرستی ڕاستەقینەو وشەکەی پێ ڕاسپاردن (زەبوور ١٤٧:١٩، ٢٠). بەم جۆرە ھەموو نەتەوەکانی تر دەیانتوانی سوود لە نەتەوەی ئیسرائیل وەرگرن.—پەیدابوون ٢٢:١٨ بخوێنەوە.
خودا ئیسرائیلییەکانی بە شاھیدی خۆی ھەڵبژارد. مێژووە کۆنەکەیان نیشانی دەدا کە چۆن خەڵک سوودمەند دەبن ئەگەر گوێڕایەڵی یاساکانی خودا بن (دواوتاری موسا ٤:٦). کەواتە بەھۆی ئیسرائیلییەکانەوە خەڵکانی تر دەیانتوانی خودای ڕاستەقینەبناسن.—ئیشایا ٤٣:١٠، ١٢ بخوێنەوە.
٢. بۆچی مەسیحییە ڕاستەقینەکان ڕێکخراون؟
پاش ماوەیەک ئیسرائیلییەکان ڕەزامەندی خودایان لەدەستدا، یەھوە ئەو نەتەوەی بە کۆمەڵی مەسیحی گۆڕی (مەتتا ٢١:٤٣؛ ٢٣:٣٧، ٣٨). لەجیاتی ئیسرائیلییەکان، مەسیحییە ڕاستەقینەکان وەک شاھیدانی یەھوە خزمەت دەکەن.—کردار ١٥:١٤، ١٧ بخوێنەوە.
عیسای مەسیح بەدواکەوتوانی ڕێکخست تاکو مزگێنی بدەن و لە ھەموو نەتەوەکاندا خەڵکی بکەن بە قوتابی (مەتتا ١٠:٧، ١١؛ ٢٤:١٤؛ ٢٨:١٩، ٢٠). ئەم کارە لەم سەردەمەی کۆتاییدا خەریکە دەگاتە لوتکە. بۆ یەکەم جار لە مێژوودا یەھوە ملیۆنەھا کەسی لە ناو ھەموو نەتەوەکاندا لە خوداپەرستی ڕاستەقینەدا یەکخستووە (ئاشکراکردن ٧:٩، ١٠). مەسیحییە ڕاستەقینەکان ڕێکخراون تاکو یارمەتی و ھانی یەکتر بدەن. ئەوان لە سەرانسەری جیھاندا لە کۆبوونەوەکانیاندا چێژ لە ھەمان بەرنامەی فێرکاری پەرتووکی پیرۆز وەردەگرن.—عیبرانییەکان ١٠:٢٤، ٢٥ بخوێنەوە.
٣. ئایا ڕێکخراوی شاھیدانی یەھوە ی ئەم سەردەمە چۆن دەستی پێکرد؟
لە ساڵی ١٨٧٠ کۆمەڵێکی بچووک لە خوێندکارانی پەرتووکی پیرۆز دەستیانکرد بە سەرلەنوێ دۆزینەوەی ڕاستییە لە بیرچوەکانی پەرتووکی پیرۆز. ئەوان دەیانزانی کە عیسا کۆمەڵی مەسیحی ڕێکخستبوو تاکو مزگێنی بدەن، بەم جۆرە کاری مزگێنیدانی پادشایەتییان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دەستپێکرد. لەساڵی ١٩٣١ دا ناوی شاھیدانی یەھوەیان بۆخۆیان ھەڵبژارد.—کردار ١:٨؛ ٢:١، ٤؛ ٥:٤٢ بخوێنەوە.
٤. شاھیدانی یەھوە چۆن ڕێکخراون؟
لە سەدەی یەکەمدا، کۆمەڵە مەسیحییەکان لە زۆربەی وڵاتەکاندا سوودیان لە ناوەندێکی دەستەی بەڕێوبەر وەردەگرت کە عیسای بە سەروەری کۆمەڵی مەسیحی دادەنا (کردار ١٦:٤، ٥). لەم سەردەمەشدا بەھەمان شێوە، شاھیدانی یەھوە سوود لە دەستەیەکی بەڕێوبەر وەردەگرن کە لە پیرانی خاوە ئەزموون پێک ھاتووە. ئەوان سەرپەرشتی ئەو بنکانەی شاھیدانی یەھوە دەکەن کە کاری وەرگێڕان، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی پێداویستییەکانی خوێندنی پەرتووکی پیرۆز بە ٦٠٠ زمان جێبەجێ دەکەن. بەم جۆرە دەستەی بەڕێوبەر دەتوانێ ھاندانە ڕۆحییەکان و ئامۆژگاری بۆ زۆرتر لە ١٠٠٠٠٠ کۆمەڵ لە سەرانسەری جیھاندا دابین بکا. لە ھەموو کۆمەڵێک پیاوانی لیھاتوو وەک پیران خزمەت دەکەن کە ھەروەھا سەرپەرشتیاریشیان پێ دەوترێ. ئەو پیاوانە بە خۆشییەوە بایەخ بە مێگەلی خودا دەدەن.—١ پەترۆس ٥:٢، ٣ بخوێنەوە.
شاھیدانی یەھوە ڕێکخراون تاکو مزگێنی ھەواڵی خۆش بڵاوکەنەوە و قوتابی دروست بکەن. ئێمەش ھەروەک نێردراوان ماڵ بە ماڵ مزگێنی دەدەین (کردار ٢٠:٢٠). ھەروەھا پەرتووکی پیرۆز لەگەڵ ئەو خەڵکانە دەخوێنین کە دڵپاکن و ڕاستییان خۆشدەوێ. بەڵام شاھیدانی یەھوە ھەر تەنھا ڕێکخراوێک نین. ئێمە خێزانێکین خاوەنی باوکێکی خۆشەویستین. ئێمە خوشک و براین کە بایەخ بەیەکتر دەدەین (٢ سالۆنیکی ١:٣). نەتەوەی یەھوە ڕێکخراون تاکو دڵی خودا خۆش بکەن و یارمەتی یەکتری بدەن، بۆیە کامەرانترین خێزانی سەر زەوی پێکدەھێنن.—زەبوور ٣٣:١٢؛ کردار ٢٠:٣٥ بخوێنەوە.