بەش ١٣
باوەڕی ڕاستەقینە بەرەو ژیانی هەمیشەییمان دەبا
پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت» (ڕۆما ١:١٧). ئەم وشانە بەڵێنێکی نایاب دەگرنە خۆ کە پەیوەندییان بە تۆوە هەیە. لە چ ڕوانگەیەکەوە؟
دوای ئەوەی عیسای مەسیح کارەکەی لەسەر زەوی بە ئەنجام گەیاند، بەرزبووەوە بۆ ئاسمان تاکو لەلای خودا بێت. لە کاتێکدا قوتابییەکانی تەماشایان دەکرد، «بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە» (کردار ١:٩). لە ئاسمان، خودا ئەوی وەک پادشایەکی ئاسمانی بەتوانا دیاری کرد. لە داهاتوویەکی نزیکدا، عیسا «کاتێ کوڕی مرۆڤ بە شکۆی خۆی دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، ئەوسا لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەهێنێت. هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە» (مەتا ٢٥:٣١، ٣٢). ئەمە کەی ڕوودەدات؟
پەرتووکی پیرۆز پێشبینی ماوەیەک دەکات کە سەرتاسەری جیهان ڕووبەرووی کێشە دەبێتەوە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە عیسای مەسیح دادوەری بەسەر خەڵکیدا دەکات. عیسا ڕوونی کردەوە نیشانەکان چی دەبن: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و برسیێتی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت» (لۆقا ٢١:٧، ١٠، ١١).
لەم ڕۆژگارەدا بە ڕوونی دەیبینی کە وشەکانی عیسا هاتوونە دی. بەم زووانە عیسا دێت و کۆتایی بە بەدکاری دەهێنێت. لە کۆتاییدا شەیتانیش لەناو دەبردرێت. تەواوی زەوی دەبێتە بەهەشت. مرۆڤ هەمووی بەیەکەوە لە ئاشتیدا دەژین هەروەها لەگەڵ ئاژەڵەکانیشدا. «گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت، پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە، گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات. خراپە و گەندەڵی ناکەن» (ئیشایا ١١:٦، ٩). «دانیشتووی سییۆن ناڵێت (نەخۆش کەوتم) ... ئەوسا چاوی نابیناکان دەکرێتەوە و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات» (ئیشایا ٣٣:٢٤؛ ٣٥:٥). مردووەکانیش زیندوو دەکرێنەوە. «ئەویش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت. شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون» (ئیشایا ٢٥:٨؛ ئاشکراکردن ٢١:٤). ئەو کاتە مەبەستە بنەڕەتییەکەی خودا دێتەدی. ئای کە ڕوانگەیەکی نایابە!
لە گەشەپێدانی باوەڕتدا بەردەوام بە
کام جۆرە خەڵکانە لە لایەن خوداوە بە ژیانی هەمیشەیی پاداشت دەدرێنەوە؟ خەڵکی خاوەن باوەڕ—باوەڕی ڕاستەقینە!
لەبیرت بێت کە باوەڕی ڕاستەقینە پابەندە بە زانیاری دەقاودەق لە سەر وشەی خودا. لەسەر باشتر ناسینی خودا و عیسا بەردەوامبە!
باوەڕی ڕاستەقینە بە کاری چاک پاڵپشت دەکرێ، وشەی خودا دەفەرمووێ: «باوەڕیش بێ کردار مردووە» (یاقوب ٢:٢٦). بە ئەنجام دانی ئەم کارانە، ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییەکانی خودا دەکەیت کە—توانا، دادوەری، دانایی و خوشەویستییە. بەردەوام بە لە کۆشش کردن بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی خودا گەشە پێبدەی!
ئەگەر تۆ باوەڕی ڕاستەقینە پەرەپێبدەی، پاداشتێکی تایبەت وەردەگری. بەڵێ بەڕاستی باوەڕ کلیلی تۆیە بۆ ژیانێکی کامەران—ئێستا و لە داهاتووشدا.