ڕاستی پەرتووکی پیرۆز ژیان تەواو دەگۆڕێت
من هەبوونی خودام ڕەت دەکردەوە
ساڵی لە دایکبوون: ١٩٧٤
شوێنی لەدایک بوون: کۆماری دیموکراتی ئاڵمانیا
مێژوو: بێباوەڕ
ڕابردووی من
من لە گوندێکی شاری ساکسۆنی ئەڵمانیا لەدایک بووم. ماڵەکەمان هەمیشە کەشێکی گەرم و پڕ لە خۆشەویستی هەبوو. دایک و باوکم پێوەرەکانی ئەخلاقی دروستیان فێر کردبووم. ئێمە لە دەوڵەتێکی کۆمۆنیستیدا دەژیاین کە پێشتر بەشێک بوو لە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بۆ زۆربەی خەڵکی ساکسۆن، ئایین گرنگ نەبوو. بۆیە منیش ئینکاری هەبوونی خودام ڕەت دەکردەوە و تا تەمەنی ١٨ ساڵی، ژیانم بە دوو ئیدۆلۆژیای کۆمۆنیزم و بێباوەڕی بەسەر دەبرد.
بۆچی من حەزم لە سیستەمی کۆمۆنیستی بوو؟ لەبەر ئەوەی کە بێروکە و شعاری ئەوان یەکسانی هەموو مرۆڤەکان بوو. هەروەها پێم وابوو هەموو موڵک و ماڵ بە یەکسانی لە نێوان خەڵکدا دابەش بکرێت و چیتر دەوڵەمەند و هەژار نەبێت. بۆیە لە ڕێکخراوی کۆمۆنیستی گەنجان چالاک بووم. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لە پرۆژەیەکی ژینگەیی لە شاری ئوڤا بۆ دووپات بە کارهێنانی کاغەزی پاشماوە کاتێکی زۆرم بەسەر برد. بەرپرسانی شارەکە هەوڵەکانی منیان بەرز نرخاند و خەڵاتێکیان پێدام. هەرچەند هێشتا گەنج بووم، بەڵام هەندێک لە سیاسەتمەدارانی گەورەم ناسی. ئامانجی گەورەی زۆرم لە مێشکدا بوو و داهاتوویەکی گەشم لە پێشمدا دەبینی.
لە ناکاو ژیانم بە تەواوی گۆڕا. لە ساڵی ١٩٨٩ دیواری بەرلین ڕووخا و لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی کۆمۆنیستی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لەناوچوو. شۆکێک بووە هۆی ئەوەی کە شۆکێکی تر دروست بێت. هەر لەو کاتەدا بوو کە نادادپەروەرییەکانی کۆماری دیموکراتی ئاڵمان دەرکەوتن. بۆ نمونە ئەوانەی پشتیوانی کۆمۆنیزمیان نەدەکرد بە هاوڵاتی پلە دوو چاویان لێدەکرا، بەڵام ئەمە چۆن وا دەبوو؟ ئایا ڕاست نییە لە سیستەمی کۆمۆنیستیدا هەموو مرۆڤەکان دەبێت یەکسان بن؟ ئایا هەموو ئەم بیروباوەڕانە تەنها خەون و خەیاڵ بوون؟ کەواتە دڵەڕاوکێ زۆرم بوو هات و سەرم لێشێوا.
دوای ئەوە ئەولەویەتەکانی ژیانم گۆڕی و بەدوای مۆسیقا و هونەر کەوتم. لەو کاتەوە لە ئەکادیمیای موزیک دەستم کرد بە خۆێندن. هەروەها دەمویست بروم بۆ زانکۆ، هیوام ئەوە بوو کە ببم بە هونەرمەندی مۆسیقاژەن. جگە لەوەش هەموو ئەو پێوەرە ئەخلاقییانەی کە لە منداڵیدا فێری بووم، وازم لێهێنا. تەنیا ویستم چێژ لە ژیان وەربگرم، بۆ نموونە لە یەک کاتدا چەند هاوڕێیەکی کچم هەبوو. بۆیە هونەر و مۆسیقا و نە ئەم شێوازی ژیانە یارمەتی منیان نەدا. تەنانەت ئەو تابلۆیانەش کە کێشام، پڕ بوون لە ترس. و لە خۆم پرسیارم دەکرد، چ داهاتوویەک چاوەڕێی ئێمە دەکات؟ ئامانج لە ژیان چیە؟
کاتێک وەڵامی هەموو پرسیارەکانم دەستکەوت، زۆر سەرم سۆڕمابوو. شەوێک لە ئاکادێمی مۆسیقادا، کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار باسی داهاتوومان دەکرد. یەکێک لە خوێندکارەکان لەوێ بوو بە ناوی a مەندی کە یەکێک لە شاهیدانی یەهوە بوو. ئەو شەوە ئەو ڕێگەی ڕاستی بە من نیشان دا و پێشنیارێکی پێ دام و وتی «ئەندریاس، ئەگەر بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا دەگەڕێیت سەبارەت بە ژیان و داهاتوو، بە وردی پەرتووکی پیرۆز بخوێنەوە.»
هێشتا متمانەم نەبوو و دوودڵ بووم، بەڵام بڕیارمدا بەدوای وەڵامی پرسیارەکانم لە پەرتووکی پیرووزدا بگەڕێم. مەندی پێی وتم بەشی دووەمی کتێبی دانیال بخوێنمەوە. ئەو پێشبینییەی کە لەوێ خوێندمەوە سەرسامی کردم. ئەم پێشبینییە باس لەسەر هێزێکی زنجیرەیی جیهانی و حکومەتەکان دەکات، کە هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر جیهانی ئەمڕۆ هەیە. مەندی پێشبینییەکانی تری پەرتووکی پیرۆزی نیشان دام کە پەیوەندی بە داهاتوومانەوە هەیە. بۆ یەکەمجار ئەوەی دەمخوێندەوە وەڵامێکی لۆژیکی بوو بۆ پرسیارەکانم! بەڵام کێ ئەو پێشبینییانە و ڕووداەوەکانی داهاتوی ئەوەندە بە وردییەوە نووسیوە؟ ئایا بەڕاستی خودا بوونی هەیە؟
چۆن پەرتووکی پیرۆز ژیانی منی گۆڕی
مەندی منی بە هۆرست و ئەنجێلیکا ناساند، کە ژن و مێردێکی شاهیدانی یەهوە بوون. ئەوان بۆ خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز یارمەتی منیان دا. دوای ماوەیەکی کەم بینیم کە شاهیدانی یەهوە تاکە ڕێکخراوی ئایینین کە ناوی خودا یەهوە بەکاردەهێنن و هەوڵدەدەن ئەو ناوە بە کەسانی تر بناسێنن. (زەبوورەکان ٨٣:١٨؛ مەتا ٦:٩) فێربووم کە یەهوە خودا هیوای ژیانی هەتاهەتایی لەسەر بەهەشتی سەر زەوی بۆ ئێمەی مرۆڤ پێشکەش دەکات. لە زەبوورەکان ٣٧:٩ هاتووە: «ئەوانەی ئۆمێدیان بە خودایە، دەبنە میرات گری خاکەکە (زەوی).» زۆر دڵخۆش بووم کە بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە هەوڵ دەدەن بەپێی بنەماکانی یەهوە خودا کە لە لە پەرتووکی پیرۆزدا هاتووە دەژین، داهاتوویەکی ئاوا جوان پێشکەشان دەکات.
بەڵام بۆ من ئاسان نەبوو ژیانم لەگەڵ بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز بگونجێنم. لە سەرەتا دەبوو فێری بێ فیزی بم، چونکە سەرکەوتنەکانم لە هونەر و مۆسیقادا وای لێکردبووم شانازی بەخۆمەوە بکەم. جگە لەوەش بۆ من قورس بوو واز لە شێوازی ژیانی بێ ئەخلاقی خۆم بهێنم. بەڕاستی دڵخۆشم و سوپاسگوزارم کە یەهوە خودایەکی سەبور و میهرەبانە. ئەو لە بارودۆخی ئەو کەسانە تێدەگات کە هەوڵدەدەن بەگوێرەی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز بژین.
١٨ ساڵی سەرەتایی ژیانم لەلایەن کۆمۆنیزم و بێ دینییەوە بەسەر برد. بەڵام خۆیندنەوەی پەرتووکی پیرۆز ژیانی منی بەتەواوی گوڕا. ئەو شتەی کە فێری بووم نەک تەنیا دڵەڕاوکێ و ترسی سەبارەت بە داهاتوو لە مێشکمدا لەناوبرد، بەڵکو ئامانجی بە ژیانم بەخشی. لە ساڵی ١٩٩٣ وەک شاهیدێکی یەهوە لە ئاو هەڵکێشرام و لە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ تابیتا کە زۆر بۆ خزمەتکردنی یەهوە خودا بە غیرەتە هاوسەرگیریم کرد. لەو کاتەوە، ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی یارمەتی کەسانی تر بدەین کە فێری پەرتووکی پیرۆز ببن. زۆرێک لەو کەسانەی کە قسەیان لەگەڵ دەکەین، پێشێنەیان هاوشێوەی منە. ئێستا بە هەموو دڵەوە هەست بە خۆشی دەکەم کاتێک بۆ ناسینی یەهوە خودا یارمەتی خەڵک دەدەم.
چۆن سوودم لێوەرگرتووە؟
کاتێک بۆ یەکەمجار شاهیدانی یەهوەم ناسی دایک و باوکم زۆر نیگەران بوون. بەڵام دواتر کاریگەری ئەرێنی پەیوەندیکردن لەگەڵ شاهیدانی یەهوە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ژیانمدا کردوومە بینیان. زۆر دڵخۆشم کە ئێستا ئەوانیش پەرتووکی پیرۆز دەخوێننەوە و بەشداری کۆبوونەوەکانی شاهیدانی یەهوە دەکەن.
من و تابیتا ژیانێکی زۆر باشمان هەیە چونکە هەمیشە هەوڵدەدەین ئامۆژگارییەکانی پەرتووکی پیرۆز پێکەوە لە ژیانماندا بەکاربهێنین. بۆ نمونە گرنگیدان بە ئامۆژگارییەکانی سەبارەت بە وەفاداریی بۆ هاوسەر، کە دەبێتە هۆی ئەوە کە بەردەوام پەیوەندی هاوسەرگیریمان بەهێزتر بێت و لەێک نزیکتر دەبینەوە.—عیبرانییەکان ١٣:٤.
من ئێتر لە ژیانمدا هیچ نیگەرانی و ترسێکم سەبارەت بە داهاتوو نەماوە. ئێستا ئەندامی خێزانێکی جیهانیم و چێژ لە ئاشتی و یەکگرتوویی ڕاستەقینە وەردەگرم. لەم خێزانەدا هەموومان یەکسانین. ئەمە ڕێک ئەوەیە کە من هەمیشە بەدوایدا دەگەڕام.
a ناوەکان گۆڕدراون.

