ئایا هەموو ئایینێک دەمانگەیەنێت بە خودای ڕاستەقینە؟
وەڵامی پەرتووکی پیرۆز
نەخێر، هەموو ئایینێک نامانباتە لای خودای ڕاستەقینە. پەرتووکی پیرۆز ئاماژە بە زۆر ئایین دەکات کە لەلایەن خوداوە قبوڵ نەکراون. ئەم ئایینانە دەتوانرێت بۆ دوو جۆر دابەش بکرێن:
پۆلی یەکەم: پەرستنی خودایان جگە لە خودای ڕاستەقینە
پەرتووکی پیرۆز پەرستنی خوداوەندە درۆزنەکان بە دەستەواژەی «بێسوود» و «بێکەڵک» وەسف دەکات. (یەرمیا ١٠:٣-٥؛ ١٦:١٩، ٢٠) یەهوە a خودا فەرمانی بە نەتەوەی دێرینی ئیسرائیل کرد و فەرمووی: «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.» (دەرچوون ٢٠:٣، ٢٣؛ ٢٣:٢٤) کاتێک نەوەی ئیسرائیل خوداوەندەکانی دیکەیان دەپەرست، «تووڕەیی یەهوە لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش.»—سەرژمێری ٢٥:٣؛ لێڤییەکان ٢٠:٢؛ ڕابەران ٢:١٣، ١٤.
هێشتا بۆچوونی خودا سەبارەت بە پەرستنی ئەم «خوداوەندانە» نەگۆڕدراوە. (١ کۆرنسۆس ٨:٥، ٦؛ گەلاتیا ٤:٨) خودا بەو کەسانەی کە ئەو دەپەرستن فەرمانی داوە، واز لە پەیوەستبوون بەو کەسانە بهێنن کە ئایینی ناڕاست پەیڕەو دەکەن و دەفەرمووێت: «لاناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و بەجێیان بهێڵن.» (٢ کۆرنسۆس ٦:١٤-١٧) ئەگەر هەموو ئایینەکان وەک یەک بن و خەڵک بەرەو خودا ببەن، ئەی بۆچی خودا فەرمانێکی وا دەدات؟
پۆلی دووەم: پەرستنی خودای ڕاستەقینە بە شێوەیەک کە پەسەندی ناکات
هەندێک جار نەوەی ئیسرائیل، خودایان دەپەرست بە بەکارهێنانی بیروباوەڕ و کردارێک کە لە خوداوەندی درۆ وەرگیرابون. بەڵام یەهوە ئەم هەوڵەی بۆ تێکەڵ کردنی ئایینی ڕاست و درۆ ڕەتکردەوتەوە. (دەرچوون ٣٢:٨؛ دواوتار ١٢:٢-٤) عیسا شێوازی پەرستنی ڕابەرانی ئایینی سەردەمی خۆی مەحکوم کرد، چونکە وا دەردەکەوتن کە خواترس بوون، بەڵام دووڕوو بوون. عیسا پێی فەرموون: «ڕاسپاردە گرنگەکانی تەوڕات وەکو دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزیتان پشگوێ خستووە.»—مەتا ٢٣:٢٣.
بە هەمان شێوە ئەمڕو، تەنها ئایینێک کە لەسەر ڕاستی دامەزراوە خەڵک بەرەو خودای ڕاستەقینە دەبات، ئەم ڕاستییە لە پەرتووکی پیرۆزدا دەدۆزرێنەوە. (یۆحەنا ٤:٢٤؛ ١٧: ١٧؛ ٢ تیمۆساوس ٣:١٦، ١٧) ئەو ئایینانەی کە فێرکردنەکانیان بە پێچەوانەی فێرکردنەکانی پەرتووکی پیرۆزە خەڵک لە خودا دوور دەخەنەوە. زۆرێک لە فێرکردنەکان کە باوەڕیان وایە لەسەر بنەمای پەرتووکی پیرۆز دانراون لە ئایینەکانی ترەوە وەرگیراون، لەوانە سێکانە، ڕۆحی نەمر و ئازار لە دۆزەخی ئاگر. ئەو پەرستنەی کە ئەم جۆرە فێرکردنانە بەرز دەکاتەوە بێهوودەن، چونکە بۆۆچوونەکانی مرۆڤ فێر دەکات لە جیاتی فێرکردنەکانی خودا.—مەرقۆس ٧:٧، ٨.
خودا ڕقی لە دووڕوویی ئاینینی دێتەوە. (تیتۆس ١:١٦) بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵک بدەن لە خودا نزیک ببنەوە، ئایین دەبێت کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەبێت نەک تەنها لە ڕێوڕەسم و دابونەریت بێت. بۆ نموونە، پەرتووکی پیرۆز دەڵێت: «ئەوەی خۆی بە دیندار دابنێت و زمانی خۆی نەپارێزێت، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت و دیندارییەکەی پوچە. ئایینی پاک و بێگەرد لە لای خودای باوک ئەمەیە: بەسەرکردنەوەی هەتیوان و بێوەژنان لە تەنگانەیاندا، هەروەها خۆی لە گڵاویی جیهان بپارێزێت. (یاقوب ١:٢٦، ٢٧؛ ژێرنووس) وەرگێڕانی کینگ جەیمس دەستەواژەی «ئایینی پاک» بۆ ئەم پەرستنە پاک وبێ ساختەیە بەکاردەهێنێت.
a یەهوە ناوی تاکە خودای ڕاستەقینەیە کە لە پەرتووکی پیرۆزدا هاتووە.

